کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە دوو دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران لە خاکی خۆی دەر دەکات

08:46 - 28 گەلاوێژ 2726

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاند کە لە وڵامی ئازاردان و ڕێگریی کۆماری ئیسلامی لە گەڕانەوەی دوو دیپلۆماتی فەرانسەیی بۆ تاران، دوو دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران لە خاکی خۆی دەر دەکات.

ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا دوو دیپلۆماتکاری ئێران لە پاریس دەردەکرێن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە خەڵکی ئێران قوربانیی سەرەکیی سەرکوتی خوێناویی نێوخۆیی و گرژییە دەرەکییەکانن و جەختی کردەوە فەرانسە پاڵپشتی لە هونەرمەندان، زانایان و توێژەرانی ئێرانی دەکات.

بارۆ جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر دیپلۆماتکارانی فەرانسە ناڕەوا و نەگونجاو بووە و ئەم بڕیارە وڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو هەنگاوەی تاران.

پێشتر هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دوو دیپلۆماتی فەڕانسەییان بۆ چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لێ کردبوو؛ بە وتەی وەزیری دەرەوەی فەرانسە، یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیی بووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو کە بە فەرانسەی ڕاگەیاندووە دوو دیپلۆماتی جێگیر لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئێران، ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ئێران پێ نادرێت.

ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو دیپلۆماتە لەژێر پەردەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، دەستێوەردانیان لە کاروباری نێوخۆیی ئێراندا کردووە.