کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی نێوخۆی عێراق: قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هەموو گرووپە چەکدارەکان دەگرێتەوە

09:36 - 28 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی هەوڵە ناوچەییەکان بۆ سنووردارکردنی چالاکی و چەککردنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی نێوخۆی عێراق جارێکی تر لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە جەختی کردەوە.

سەعد مەعن، سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختی کردەوە کە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پرۆسەیەکی نیشتمانی و ئەمنییە کە بە ئامانجی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەروەریی یاسا و پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی عێراق پەیڕەو دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی هەواڵدەریی عێراق، سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە هیچ گرووپ، ڕەوت یان پێکهاتەیەکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج.

مەعن ڕایگەیاندووە کە «قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە مانای سنووردارکردنی بۆ سەر گرووپ یان پێکهاتەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو سەرجەم ئەو چەکانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتن، بێگوێدانە ئەوەی کێ خاوەندارێتی دەکات؛ لەوانەش چەکی هۆزەکان و گرووپەکان و هەر جۆرە چەکێک کە لەژێر ڕێنمایی و یاسا کارپێکراوەکاندا نەبێت».

ناوبراو هەروەها وتیشی: «ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان کە لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی فەرمیی گرووپی حەشدی شەعبیدان، بە کردەوە دەستیان بە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان کردووە و گرووپەکانی تریش لە هەمان ڕێگادا هەنگاو دەنێن».

ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی عێراق لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ چەککردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەش وەک حەماس و حیزبوڵڵا کە هەموویان سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین، خراونەتە گەڕ.

ئەو گرووپانە هۆکاری سەرەکیی نائارامی و ناسەقامگیریی ناوچەکەن و لە کۆڕ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەدا، وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.