کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا تاوانی دژ بە ١٧ هەکێری سەر بە سپای پاسداران ڕاگەیاند

10:10 - 28 گەلاوێژ 2726

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژ تاوانی دژ بە ١٧ ئەندامی "دامەزراوەی مەبنا" لە تاران راگەیاند. ئەم کەسانە بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێرشی سایبێری بە مەبەستی دزینی زانیارییە زانستی، توێژینەوەیی و خاوەندارێتییە فکرییەکان تۆمەتبار کراون.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی داد، ئەم تۆمەتبارانە لەسەر داوای سپای تێرۆریستیی پاسداران و دامەزراوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشانەیان ئەنجام داوە.

لەو تۆمەتنامە نوێیەدا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە، ئەم گرووپە هێرشیان کردووەتە سەر سیستەمی ١٤٤ زانکۆی ئەمریکا، ١٧٨ زانکۆی بیانی لە ٢٢ وڵاتی جیاواز، ٤٢ شیرکەتی تایبەتی ئەمریکا، ١١ شیرکەتی بیانی و چەندین ڕێکخراوی فیدراڵی و حکوومەتی.

وەزارەتی داد ڕایگەیاند کە دامەزراوەی مەبنا زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئەکاونتی مامۆستایانی زانکۆی لە سەرانسەری جیهاندا کردووەتە ئامانج و توانیویەتی دەست بەسەر زیاتر لە ٨ هەزار ئەکاونتی ئیمەیڵدا بگرێت.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ئەگەری سەلماندنی تاوانەکانیاندا، ئەگەری هەیە هەندێک لەم تۆمەتبارانە بە سزای تا ٢٠ ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.