لە درێژەی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی ئەندامانی گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ١٠ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە چەند ئەندامێکی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتەوە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە شەوی ڕابردوودا، چەند چەکدارێکی حیزبوڵڵای لە ناوچەی ئەمنی کە هێزەکانی ئیسرائیلی تێیدا جێگیرن، ناسیوەتەوە و بە ئامانجی گرتووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: «دوای ناسینەوەیان، سەربازان هێرشیان کردە سەر تێرۆریستان و بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییە لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لاببەن، لەنێویان بردن».
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، هێزەکانی ئەم وڵاتە بە چالاکییەکانیان بۆ لابردنی هەر هەڕەشەیەک دژی سەربازەکانیان بەردەوام دەبن و ڕێگا نادەن گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا زیان بە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بگەیەنێت.
ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر هەواڵی برینداربوونی یەکێک لە سەربازەکانی لەو هێرشانەدا ڕاگەیاند.
حیزبوڵڵا لە وڵامی پرسیاری ئاژانسی فرانس پرێس لە بەیرووت سەبارەت بەم هێرشە و زیانەکانی هیچ زانیارییەکی نەدرکاندووە.
ئەم گرووپە چەکدارە تێرۆریستییە کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ٣٠ی جۆزەردانەوە بەرپرسیارەتیی هیچ هێرشێکی دژی ئیسرائیل نەگرتووەتە ئەستۆ.