کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن‌ پۆست: چین و ڕووسیە ماشینی شەڕی ئێرانیان بە پێوە هێشتووەتەوە

10:26 - 28 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی "واشنگتۆن ‌پۆست" لە شیکارییەکدا ڕایگەیاند چین و ڕووسیە بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی، دابینکردنی ماددەی شیمیایی و زانیاریی سیخوڕی، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ماشینی جەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە.

بەپێی ئەم شیکارییە، پشتگیرییە بەردەوامەکانی پێکەن و مۆسکۆ بوونەتە هۆی ئەوەی تاران بتوانێت لە بەرانبەر گوشارەکاندا خۆڕاگر بێت و گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازێکی گوشار بەکار بهێنێت.

ڕووسیە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی تێکنۆلۆژیی دڕۆن و دابینکردنی وێنەی ماهوارە، توانای هێرشبەریی کۆماری ئیسلامیی بەرانبەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، چین جگە لەوەی ماهوارەی چاوەدێریشی خستووەتە بەردەست سپای پاسداران، بە بەردەوامی ماددەی شیمیایی "سۆدیۆم پێرکلۆرات"ی بۆ تاران ناردووە کە ماددەیەکی سەرەکی بۆ دروستکردنی سووتەمەنیی ڕەقی مووشەکە بالستیکییەکانە.

واشنگتۆن‌پۆست جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر واشنگتۆن ڕێگری لەم هاوکارییانەی چین و ڕووسیە نەکات، ڕێژیمی تاران مەترسیدارتر دەبێت و پێشنیاری کردووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ڕێگەی سزادانی ئابووری، ڕاگرتنی بارە شیمیاییەکان و زیادکردنی پشتیوانی لە ئۆکراین، ڕووبەڕووی ئەم هەنگاوانەی پێکەن و مۆسکۆ ببنەوە.