کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵەتی توندتربوونی هێرشەکانی ئەمریکادا، تاوتوێی بەرفراوانکردنی مەودای شەڕ بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و ئەگەری هەیە ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بخاتە نێو لیستی بژاردەکانی خۆیەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" هێزەکانی ئێران ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی وەک بولغارستان و قێبرس، تاوتوێ کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بولغارستان ڕێگەی بە فڕۆکە سووتەمەنیبەرەکانی ئەمریکا داوە بنکەی ئاسمانیی "بەزمەر" بەکار بهێنن و تاران لەسەر ئەم بڕیارە هۆشداریی بە سۆفیا داوە.
هەروەها قێبرس بەهۆی بنکە سەربازی "ئاکرۆتیری" بریتانیا کە جارێکی تریش بە دڕۆن هێرشی کرابووە سەر، یەکێکی تر لە بژاردەکانی ڕێژیمی ئێرانە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران ئەگەری هێرشکردنە سەر هێڵەکانی فیبری نووریی ژێردەریایان لە گەرووی هۆرمۆز هەڵسەنگاندووە.
شیكاران و شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە مەترسیی مووشەکیی ئێران بۆ سەر باشووری ئورووپا ڕاستەقینەیە، بەڵام مەودا و توانای هەڵگرتنی تەقەمەنیی مووشەکەکانی تاران سنووردارە.
فاینەنشاڵ تایمز جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم زانیارییانە دەریدەخەن لە ئاستی سەربازیدا بەرنامەرێژی کراوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو جۆرە، لەلایەن تارانەوە نەدراوە.