کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانی سەدان بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لە مەترسیدایە

10:55 - 28 گەلاوێژ 2726

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە ڕوودانی قەیرانێکی مرۆیی و داڕمانی دەروونیی سەدان بەندکراویی سیاسی و ئەمنییەتی لە بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج هۆشداریی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەر، کەمیی جێگەی خەوتن، بڵاوبوونەوەی مێرووی زیانبەخش، نەبوونی ئاوی گەرم، ئاستی نزمی خۆراک و دەستڕاگەیشتنی زۆر سنووردار بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، دۆخێکی کارەساتباری لەو بەندیخانەیەدا دروست کردووە.

ئەنجامی ئەم گوشارە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە بەندکراوان تووشی نەخۆشیی سەختی دەروونی، خۆبریندارکردن و هەوڵی خۆکوژی ببەنەوە.

لە ژوورەکانی ئەم بەندەدا کە تەنیا ٩ تەختیان تێدایە، لە نێوان ٢٥ تا ٣٠ کەس ڕاگیراون و زۆربەیان لەسەر زەوی دەخەون.

هەروەها حەمامەکان حەفتەی تەنیا دوو کاتژمێر بۆ ٣٠٠ تا ٤٠٠ بەندکراو کار دەکەن و بێبەشبوون لە پزیشکی ددان و دەرمان وای کردووە هەندێک بەندکراو بە سیم هێڵی ددانی خۆیان تێک بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئازار.

ئێستا نزیکەی ٤٠٠ بەندکراویی سیاسی و ئەمنییەتی کە زۆربەیان دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠٤ن، لەم دۆخە نامرۆڤانەیەدا ڕاگیراون.

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران جەختی کردەوە کە بەرپرسانی بەندیخانە و دەسەڵاتی دادوەری بەرپرسیایەتیی ڕاستەوخۆیان لەسەر پاراستنی گیانی ئەم بەندکراوانە لەئەستۆدایە.