کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی چەند فەرماندەیەکی باڵای حەماس و جیهادی ئیسلامیی لە غەززە ڕاگەیاند

11:41 - 28 گەلاوێژ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و ئامانجداردا لە غەززە، چەندین فەرماندە و چەکداری باڵای گرووپی تێرۆریستیی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج و کوژراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یوونس، چەکدارێکی حەماس بە ناوی "تارق ئەنوەر خەمیس ڕاعی"، کە فەرماندەی یەکەی دابینکردنی پێداویستییەکانی گرووپی چەکداری جیهادی ئیسلامی بووە، کوژراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەو تێرۆریستە جگە لەوەی بەشداریی لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبر بۆ سەر کیبوتس بێئری کردووە، دەستی لە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیشدا هەبووە و لەم دواییانەشدا، پلانی توندوتیژانەی دژی هێزی ئەمنی و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بەڕێوە بردووە.

لەلایەکی ترەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە چەند فەرماندەیەکی تری حەماسی لە ناوچەی ئەلشاتی لە باکووری غەززە کردووەتە ئامانج.

هەروەها لە هێرشی ڕۆژی سێشەممەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا، کە کۆبوونەوەی فەرماندە نوخبەکان و بەرپرسانی سەربازیی حەماس لە غەززە کرایە ئامانج، فەرماندەیەکی یەکەی تایبەت، سێ فەرماندە دەستە و چەند چەکدارێکی تر کوژران.

ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێک لە کوژراوەکان لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا بەشدار بووە.

هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لە فەرماندەیی باشوور لەسەر ئەرک و بڕیارەکان بۆ لەناوبردنی هەڕەشە خێراکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام دەبن.