وەزارەتی بەرگریی ئێمارات ڕایگەیاند کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، دوو مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە خوارەوە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتە، یەکێک لە مووشەکەکان لە دەرەوەی ئاوەکانی ئێمارات و مووشەکی دووەمیش لەناو ئاوەکانی ئەم وڵاتە خراونەتە خوارەوە.
ئەم وەزارەتە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی بۆ وڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمارات لە ئامادەباشیی تەواودان و بەتوندی ڕووبەڕووی هەر شتێک دەبنەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان تێک بدات.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ئێماراتدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بە تەواوی ئامادەن و ئێمارات لە پاراستنی سەروەری، ئاسایش، سەقامگیری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بەردەوام دەبێت".
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە، بە ٥٣٧ مووشەکی بالستیک، ٢٢٥٦ دڕۆن، نزیکەی ٢٦ مووشەکی کرووز ئێماراتی کردووەتە ئامانج کە زۆربەیان لەلایەن ئەو وڵاتە و سیستەمی پاتریۆتەوە تێکشکێندراون.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانە و کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکێنراوەکان بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە و ژێرخانە ئابوورییەکان (وەک فڕۆکەخانەکان و ناوچە نەوتییەکان)، زیاتر لە ١٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ٢٤٦ کەسیش بریندار بوون.