کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە دەستدرێژیی بەردەوام لەقەڵەم دا

10:33 - 11 گەلاوێژ 2726

دوای هێرشی ئەم دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر وڵاتەکەی بەتوندی مەحکووم کرد و ئەو هێرشانەی بە «دەستدرێژیی بەردەوامی» ڕێژیمی تاران بۆ سەر وڵاتەکەی زانیوە.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کوەیتدا هاتووە کە لەم هێرشانەدا، ژێرخانی هەستیاری پێوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک وەک وزەخانەکانی کارەبا و شیرینکەرەوەی ئاو کراونە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی کوەیتە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە و ناوچەکە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەی ٢٨١٧ی ئەنجومەنی ئاسایشە.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە «پەرەسەندنێکی مەترسیدارە» و ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی دوژمنکارانە و سیستماتیکە کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا جێگەی پاساو یان قەبووڵکردن نییە.

هەروەها ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوەش داوە کە کوەیت مافی ڕەوای خۆی بۆ «گرتنهبەری هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان» بەمەبەستی پاراستنی سەروەری، دابینکردنی ئاسایش و دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتییان و دانیشتووانەکەی بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە.

لە هێرشە سەرەڕۆیانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، کوەیت پشکی شێری بەرکەوتووە و چەندین جار لەوبارەوە هۆشداریی جیددیی بە بەرپرسانی دەسەڵاتداری ڕێژیم داوە.