ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، کرێکارە دەرکراوەکانی پێترۆشیمیی سەلمانی فارسی لە ماهشەهری خووزستان، بە کۆبوونەوە لە بەردەم نووسینگەی بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، داوای دیاریکردنی چارەنووسی پیشەیی و گەڕانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کرد.
ئەم کرێکارانە کە نزیکەی شەش مانگە بەدوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان لە بەشی نۆژەنکردنەوە و ڕاگرتندان، ڕایانگەیاندووە: "سەرەڕای ڕەزامەندیی ئیدارەی کار و چەندین ئیدارەی دیکەی پێوەندیدار سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ شوێنی کارە پێشووەکانیان، بەرپرسانی ئەو پیشەسازییە کاری ئەوانی ڕادەستی پەیمانکاری نوێ کردووە."
لەگەڵ ئەوەشدا، کرێکارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دوای چەندین مانگ بەدواداچوون بۆ گەڕانەوە بۆ پێگەی پیشەیی پێشوویان، ئامادە نین لەژێر چاودێریی پەیمانکاردا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
شایانی باسە داواکاریی سەرەکییان بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەر کار لە هەمان پێگە و پۆستە پیشەییەکەی پێشووی خۆیاندا.
شایانی باسە ڕۆژانە لە سەرانسەری ئێراندا، کرێکارانی پیشەسازییە جیاوازەکان بەهۆی ڕەچاونەکردنی ماف و داخوازییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاو بەڕێوە دەبەن.
هەروەها ماوەی چەندین ساڵە لە زۆربەی پارێزگا و شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان بە ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ خراپیی دۆخی ژیان، پێنەدانی مووچەکانیان، هەڵاواردن و گەندەڵی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە دەبەن، بەڵام ڕێژیمی ئێران تەنیا بە سەرکوت وڵامی داواکارییەکانیانی داوەتەوە.