هاوپەیمانیی چالاکوانان و ڕاگەیەندراوە خوێندکارییەکانی زانکۆکانی تاران، بەهەشتی، عەلامە تەباتەبایی، خاجە نەسیر، ئەلزەهرا و شیراز، بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی لەسێدارەدان، جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە؛ بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە کە " لەسێدارەدان، جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە؛ کوشتنی بەئەنقەستی مرۆڤێکە کە دەوڵەت بە پشتبەستن بە یاسا، ئەوە بە ڕەوا دەزانێت. هیچ ناونیشانێک، لە «حەد» و «قەساس»ەوە بگرە تا «سزای یاسایی» و «ئەمنییەتیی میللی»، ناوەڕۆکی ئەم کردەوە دژەمرۆییە ناگۆڕێت".
هەروەها نووسراوە: "دژایەتیکردنی سێدارە تەنها دژایەتیکردنی سزایەک نییە؛ بەڵکوو دژایەتیی بنەڕەتیترین ئامرازەکانی دەسەڵات و سەرکوتکاریی دەوڵەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە".
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە "لە نێوان سەرکوتکردنی شەقام، بەندکران و پەتی سێدارەدا هیچ دابڕانێک نییە؛ ئەمانە حەڵقەی جیاوازی زنجیرەیەک پێکدەهێنن و هەموویان مافی ژیان و ئازادیی ڕادەربڕین زەوت دەکەن".
لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "دژایەتیکردنی ئێمە سنووردار نییە بۆ سێدارە سیاسییەکان؛ بەڵکوو دژایەتیکردنی ئێمە بنەمای سزای هەموو لەسێدارەدانەکانە. هیچ دەوڵەت، دادگا یان یاسایەک نابێت دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت مافی ژیان لە مرۆڤ زەوت بکات".
هەروەها ئەو هاوپەیمانییە ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەر پڕۆژەیەکی سیاسیدا کە دادپەروەری بە تۆڵەسەندنەوە، دادخوازیکردن بە سێدارە، و تێپەڕین لە ستەمکاری بە بوژاندنەوەی ماشینی کوشتاری دەوڵەتیی یەکسان بکات، سنووربەندیی ئاشکرامان هەیە و دژایەتی دەکەین".
هەروەها باس لەوە کراوە کە "ئەو داهاتووەی کە لەسەر پەتی سێدارە بنیاد بنرێت، درێژەدانی کردەوەی ڕابردووە، نەک دابڕان لێی".
هەروەها لەو بەیاننامەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئێمە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە، بەرگریکردن لە مافی ژیان لەگەڵ خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و دێموکراسی بە خەباتی هاوتەریب و لێکدانەبراو دەزانین و بۆی تێدەکۆشتین".