کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی کوردستان بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی خۆڕاگری

11:45 - 11 گەلاوێژ 2726

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ئاماری لەسێدارەدراوان، دەسبەسەرکراوان و سزادراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی جوولای ٢٠٢٦ی زایینی،٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەشێک لەو هاونیشتمانییانە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکی دیکەیان هەتا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی ئەو ئەنجومەنە، لە مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاویدا، ٣٥ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە، لەلایەن بەناو دادگاکانی ئینقلاب و دادگای تاوانەکانەوە دۆسییەیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای سێدارە، بەندکران، دوورخستنەوە، پێبژاردن و قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەگشتی ئەو سزادراوانە سەرجەم بە ٦٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو، ٥٧٣ میلیۆن تمەن پێبژاردن، ١١ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، ٧ ساڵ دوورخستنەوە و ٦٦٦  قامچی مەحکووم کراون.

هەروەها یەکێک لەو سزادراوانە بە ناوی مێهدی ڕوشەنی خەڵکی مەڵەکشای لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ڕێژیمی سزای سێدارەی ١٠ کەس لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینی و دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو جێبەجێ کردووە کە بریتین لە: مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حوسێن پاڵانی دوو بەندکراوی ئاینیی کوردی خەڵکی قەسری شیرین، عارف خۆشکار، محەممەدئەمین دەهاقانی، عرفان ئێسفەندیاری، گوڵمحەممەد محەممەدی، مێهدی خانی، ئەبولفەزل سپاهی بادجانی، ئەمیرحوسێن سەفەری، ئاروین خێرخاهان.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە و ئەو ئامارە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە.