کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ "وێرانکەرترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری"ی دژی ئێران ڕاگەیاند

08:43 - 29 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە دەستپێکردنی "وێرانکەرترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری"ی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و هۆشداریی دایە تەواوی ئەو وڵات و شیرکەتانەی کە هاوکاریی ئابووریی تاران دەکەن.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی کە دەرفەتێکی زۆری داوەتە ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام تاران ئەو دەرفەتەی لەدەست داوە.

ناوبراو وتی: "کەواتە، ئەمڕۆ قورسترین ئۆپەراسیۆنی ئابووری ڕادەگەیەنم کە تا ئێستا دژ بە هەر وڵاتێک ئەنجام درابێت."

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە هێزی دەریایی و ئاسمانی و کۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران وێران بوون و دراوی وڵاتەکە بەهاکەی لەدەست داوە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە شەڕێکی ئابووری و گۆشەگیرکردن دەبێت لە ئاستێکدا کە پێشتر وێنەی نەبووە.

ترامپ هۆشداریی دایە هەموو ئەو وڵاتانەی ڕێگە بە دامەزراوە داراییەکان، فڕۆکەخانەکان یان کەرتە بازرگانییەکانیان دەدەن هاوکاریی ئێران بکەن و وتی کە قاچاخی نەوت، ئاڵوگۆڕی دراو، تۆمارکردنی کەشتیی گوماناوی و شیرکەتە ساختەکان دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێن.

ترامپ زیادی کرد: "ئێوە دەزانن کێن و ئەم هەڵمەتەی بە "ڕۆژی سەکەوتنی ئابووری" (Economic D-Day) ناو نا و داوای لە هاوپەیمانانی ئەمریکا کرد کە یارمەتیدەر بن بۆ گۆشەگیرکردن و تێکشکاندنی مەترسیی ئێران."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد ئەم هەنگاوانە توانای تاران بۆ پشتیوانیکردنی تێرۆر پەک دەخات و جەختی کردەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.