هەواڵدەریی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردەوە کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئەرتەشی ئەمریکا ڕێڕەوێکی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە بەشی باشووری گەرووی هۆرمۆز دروست کردووە، کە ڕێگە بە گواستنەوەی ڕۆژانە چەند میلیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان دەدات.
بە وتەی دوو بەرپرسی ئەمریکا، شەوانە ۱۵ تا ۲۰ نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومانەوە دەپەڕێنەوە و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ۱۰ میلیۆن بەرمیل نەوت (کە نیوەی ئاستی هەناردەی پێش شەڕە) لە گەرووی هۆرمۆزەوە ڕەوانە دەکرێت.
ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا پاراستنی نەوتهەڵگرە پڕەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو پارێزگاری لە هاتنەناوەوەی نەوتهەڵگرە بەتاڵەکانیش بۆ بارگیری لە بەندەرەکانی ناوچەکە دەکات.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن گروپێکی تایبەت لە بنکەی "فۆرت بڕاگ" لە کارۆلینای باکوور بە هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە دەچێت و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاش لە بەرانبەر دڕۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پارێزگاری لە کاروانەکان دەکەن.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای هەڵمەتێکی سەربازیی دوو حەفتەیی سێنتکام ڕەخسا کە تێیدا سیستەمەکانی ڕادار و چاوەدێریی دەریایی ڕێژیمی ئێران تێکشکێندران.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان لەم ڕێڕەوەوە پەڕیونەتەوە و وتی کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزمان لەدەستدایە.
دۆناڵد ترامپ جەختی کردەوە کە قەبارەیەکی زۆر لە نەوت دەچێتە دەرەوە و ئاماژەی بەوەش دا کە تاران بەرانبەر بە ڕابردوو زۆر لاوازتر بووە.