کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکان گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار حەفتەی ڕابردوو

08:50 - 29 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز، بەهۆی نیشاندانی نیگەرانیی وەبەرهێنەران لە بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی خاو ڕووی لە هەڵکشان کرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە نزیکەی چوار حەفتەی ڕابردوودا.

ئەم بەرزبوونەوەی نرخە دوای بڕیاری ئێمارات بۆ ڕاگرتنی سەرجەم مامەڵە دارایی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران و هەروەها کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆز هاتە ئاراوە.

لە کۆتایی مامەڵەکانی دوێنێدا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ۶۰ سێنت (۰.۷ لەسەد) زیادی کرد و گەیشتە ۹۱.۶۲ دۆلار.

هەروەها نرخی نەوتی خاوی وێست تێگزاسی ئەمریکاش ۸۹ سێنت (۱.۱ لەسەد) بەرز بوەوە و بە ۸۵.۸۳ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا.

هەر دوو پێوەرە نەوتییەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیاندا لە دوای ۲۴ی جوولای کۆتاییان بە مامەڵەکانیان هێنا.

دێنیس کیسلێر، جێگری باڵای ڕاهێنانی مامەڵەکان لە بانکی دارایی BOK بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: " نرخەکانی داهاتووی نەوتی خاو هێشتا لەژێر کاریگەریی ئاڵۆزییە ژێئوپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدان، بەتایبەت ئێستا کە ئێمارات ڕایگەیاندووە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەوە سەرجەم پەیوەندییە داراییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاندووە."