"دەراو"، ڕۆمانە تازەکەی مستەفا شێخە، نووسەر و ڕۆماننووسی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بۆوە.
لە جیهانی ئەدەبیاتدا، هەندێک ڕۆمان هەن خوێنەر ناتوانێت تەنیا وەک تەماشاکەرێک بە دیاریانەوە دابنیشێت، بەڵکوو دەبێت خۆی ببێتە بەشێک لەو پرسیار و بێدەنگییانەی لە توێتوێی دەقەکەدا شاردراونەتەوە. ڕۆمانی "دەراو" کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانییەوە چاپ کراوە، یەکێکە لەو بەرهەمە تایبەتانە.
لە خوێندنەوەی "دەراو"دا دەردەکەوێ کە ئەم نووسینە چیرۆکێکی باو و تەقلیدی نییە سەرەتا و نێوەند و کۆتاییەکی پێشبینیکراوی هەبێت؛ بەڵکوو گەشتێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە بۆ نێو گۆشە شاراوەکانی ڕۆحی مرۆڤ. نووسەر لەم بەرهەمەدا شوێنکاتی خستووەتە خزمەت دۆخێکی دەروونیی تایبەتەوە. ئەو فەزایەی ڕووداوەکانی تێدا تێدەپەڕێت، فەزایەکە سنوورەکانی نێوان واقیع و خەون، هۆشیاری و وڕێنە، ڕابردوو و ئێستای تێدا کاڵ بووەتەوە و تێکەڵ بە یەکدی دەبن.
کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە (کە ناویان بێوار، هێشوو، مامۆستا کاردۆ، مەغدیدە) زیاتر لەوەی پاڵەوانی ئاسایی چیرۆکێک بن، سێبەر و دەنگدانەوەی کۆمەڵێک مرۆڤی سەرگەردانن بەدەست قورسایی بیرەوەرییەکان، تارماییەکانی ڕابردوو، و پرسیارە بێوەڵامەکانی ژیانەوە دەناڵێنن. دیالۆگەکانیان زۆرجار وەک ئەو مۆنۆلۆگە دەروونییە وایە مرۆڤ لە کاتی تەنیاییدا لەگەڵ خودی خۆیدا دەیکات. ئەوان لە گەڕانێکی بەردەوام دان بۆ دۆزینەوەی دەراوێک، گەڕان بە دوای پێناسەیەک بۆ مانەوە، یان تەنانەت بۆ ونبوونێکی هەمیشەیی.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی «دەراو»، زمانەکەیەتی. مستەفا شێخە زمانێکی پەخشانەشیعری و دەوڵەمەندی بەکار هێناوە، بە تێکەڵکردنی شێوەزارەکان و بەکارهێنانی تەکنیکی لێشاوی ئاگایی، وای کردووە دەقەکە ببێتە تابلۆیەک کە پێویستی بە تێڕامانی قووڵ هەبێت. سروشت و توخمەکانی لەم ڕۆمانەدا تەنیا پاشخانێک نین بۆ ڕازاندنەوە، بەڵکوو بەشێکی زیندوون لە گێڕانەوەکە.
"دەراو" ڕۆمانێک نییە پەیامێکی ئامادەکراو و ڕوون بخاتە بەردەست خوێنەرەکەی یان کارئاسانیی بۆ بکات لە هەرسکردنی نێوەرۆکەکەیدا. بەپێچەوانەوە، ئەم کتێبە دەروازەیەکی کراوەیە و مەرج نییە دوو خوێنەر بە هەمان شێوە لێی تێبگەن. هەر کەسێک کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، بەپێی ئەزموونی شەخسی و پاشخانی فیکریی خۆی، تێگەیشتن و مانایەکی جیاواز لە دەقەکە هەڵدەهێنجێت.
شایانی باسە "کۆچی هەورەتریشقە" ڕۆمانێکی دیکەی مستەفا شیخە، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی 'کوردستان'ە کە ساڵی ١٣٩٣ چاپ و بڵاو ببۆوە.