کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی خۆراک، گەرما و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ژیانی بەندکراوانی بەندیخانەی مەلایەری خستووەتە مەترسییەوە

11:03 - 29 گەلاوێژ 2726

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕاپۆرتێکی لەمەڕ دۆخی کارەساتباری بەندیخانەی مەلایەر بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی نەخۆشییەک هاوشێوەی کۆرۆنا کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە هاوشێوەی پەتای هەڵامەتە، بەڵام بە وتەی بەندکراوان، زۆرێک لە تووشبووان ڕووبەڕووی لاوازی و حاڵەتی زۆر مەترسیدارتر بوونەتەوە.

ئەوە لەکاتێدایە کە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ئەم نەخۆشییە، بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگەیان نەداوە کە پزیشکەکان پشکنینی پێویست بۆ بەندکراوان ئەنجام بدەن و لە دانی هەر جۆرە دەرمان یان خزمەتگوزارییەکی پزیشکیش خۆیان بواردووە.

 لە هەمان کاتدا، تێکچوونی کەرەستەکانی فێنککەرەوە، نەبوونی جێگەوڕێگەی ستاندارد، ناتەندروستبوونی خواردن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دۆخی بەندکراوانی قورستر کردووە.

ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان هۆشداریی جیددییان داوە کە لە ئەگەری ڕێگریی زیاتری  بەرپرسان لە چارەسەری ئەو نەخۆشییە و دەسنیشاننەکردنی هۆکارەکانی، بەهۆی ژینگەی داخراو و قەرەباڵغیی بەندیخانەکەوە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە لەنێو بەندکراواندا زیادتر دەکات و گیانیان لە مەترسیی جیددیدایە.

ئەم دۆخە مەترسییەکی زیاتری لەسەر بەندکراوانی بەساڵاچوو، نەخۆشەکانی دڵ و سییەکان، ئەو کەسانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە و ئەو زیندانییانەی کە دەرمانی بەردەوام بەکار دەهێنن، دروست کردووە.

هەروەها لە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێراندا لەوانەش قزڵحەساری کەرەج، بەندیخانەی گەورەی تاران و دەستگردی ئێسفەهان دۆخی تەندروستیی بەندکراوان هاوشێوەی ئەو بەندیخانەیە و ژیانیان لە مەترسیدایە.