کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە ئێران بەردەوامە

11:39 - 29 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران لەمەڕ خراپیی دۆخی ژیان، پێنەدانی حەقدەست، هەڵاواردن و گەندەڵی، کرێکارانی چەند شیرکەت لە خووزستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گرووپێک لە کارێکارانی عەرەبی شیرکەتی پۆڵای فەلاحییەی شادگان، لە دوای دەرکردنی نزیکەی ١٠٠ کرێکاری ئەو شیرکەتە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ڕایانگەیاند هەتا مافەکانمان نەدرێت و هاوپیشەکانمان نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوام دەبین.

بە وتەی کرێکاران، ژمارەیەک لەو کرێکارانەی دەرکراون، خاوەنی ٣ تا ١٥ ساڵ خزمەتن کە بەبێ هۆکار و لەناکاو لەسەر کار دەر کراون و ئێستە باری قورسی هەڵاوسان و گرانی تەنگی پێهەڵچنیون.

هاوکات ژمارەیەکی دیکە لە کرێکارانی شارەوانیی بەندەری ماهشەهر، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ داواکارییە پیشەییەکانیان، لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەم کرێکارانە کە نیگەرانی دابینکردنی بژێوی و پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیانن، داوایان کرد بەپەلە وڵامی داواکارییە پشتگوێخراوەکانیان بدرێتەوە.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، کرێکاران ڕایانگەیاندووە کە حەقدەستەکانیان دێر پێ دەدرێت، حەقدەستی مانگی خاکەلێوە و بانەمەڕیان هێشتا وەرنەگرتووە، لە خزمەتگوزارییەکان بێبەرین، هیچ جێژنانەیەکیان پێنەدراوە، بیمە نەکراون و حەقدەستی زێدەکارییان بۆ زیاد نەکراوە.

بە وتەی کرێکاران، نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کرێکاری شارەوانی ڕووبەڕووی ئەم کێشانە بوونەتەوە.

کرێکاران ئاماژەیان بە بوونی زیاتر لە ٤٠ شیرکەتی پێترۆشیمی لە ناوچەکەدا کرد و ڕەخنەیان لە دۆخی داهاتی شارەوانی گرت و ڕایانگەیاند کە سەرەڕای فرۆشتی ئەو هەموو سامانە سروشتییە و دەوڵەمەندیی ئەو پارێزگایە، چون دەبێت حەقدەستی کرێکاران پشتگوێ بخەن.

لەو کۆبوونەوەدا جەختیان کردەوە کە لەم دۆخە دژوارەی ژیاندا، دەبێت بەرپرسان بە زوویی چارەسەرێک بۆ دابینکردنی کاتی مووچە و مافەکانیان بدۆزنەوە.

شایانی باسە ڕۆژانە لە سەرانسەری ئێراندا، کرێکارانی پیشەسازییە جیاوازەکان بەهۆی ڕەچاونەکردنی ماف و داخوازییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاو بەڕێوە دەبەن.