شیکەرەوەکانی ئەمنییەتی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە تاران لە هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییە دارایی و سەربازییەکانیەتی لەگەڵ پێکەن و مۆسکۆ، تا وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا و بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی زۆرترین گوشاری واشنگتۆن بەکاریان بێنێت.
بەپێی هۆشداریی پسپۆڕان، لەگەڵ چڕتربوونەوەی ڕێکارە ئابوورییەکانی ئەمریکا، ئێران ڕووی لە بلۆکە ناڕۆژاواییەکانی وەک برێکس و ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای کردووە.
بێهنام بن تالبلوو، بەڕێوەبەری باڵای بەرنامەی ئێران لە "دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان" (FDD) بە "فاکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوە لە هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ گوشاری سەربازی و ئابووریی ئەمریکا و ئیسرائیلە، هەروەها هەوڵ دەدات خۆی بخاتە نێو سیستەمە ئابوورییەکانی ڕووسیە و چینەوە تا لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکیدا پارێزراو بێت.
عەبدولناسر هێممەتی، بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەم زووانە دەبێتە ئەندام لە بانکی نوێی گەشەپێدانی سەر بە برێکس.
تالبلوو هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر تەنانەت ئامانجە ئابوورییەکانی تاران لە چوارچێوەی برێکسدا بە تەواوی نەیەنە دی، ئەو پاڵپشتییە سیاسی و سەربازییەی لە مۆسکۆ و پێکەنەوە وەریگرتووە، بەرچاو و سەرنجڕاکێشە."
ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی دووفاقیی کۆماری ئیسلامی کردەوە و وتی ئێران لە یەک کاتدا دوو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت؛ هەم هاوپەیمانی وڵاتە دژبەرە زلهێزەکانە (وەک ڕووسیە و چین)، هەم سەرپەرستیاری گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە.
تالبلوو ڕوونی کردەوە: "ئێران خاڵی هاوبەش و پەیوەندیدارە لە نێوان هەر دوو جۆری هەڕەشەکەدا بۆ سەر ئەمریکا؛ چ وڵاتە زلهێزە دژبەرەکان (وەک ڕووسیە و چین) و چ گروپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕووسیە لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە تەقەمەنی، پارچەی دڕۆن و کەرەستەی سەربازی ڕەوانەی ئێران دەکات.