کاناڵی ۱۲ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، ڕەزامەندیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە لە دوو دیپلۆماتی ئاگادارەوە، ڕێککەوتنەکە لەلایەن قەتەر و ئەمریکاوە ئامادە کراوە.
بەپێی نەخشەکە، کەشتییەکان لە لایەنی ژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە دەچنە نێو کەنداو و لە لایەنی عومانەوە دەردەچن.
عومان ڕەزامەندیی دەربڕیوە، بەڵام داوای زامنی کردووە کە سپای پاسداران پێبەندی بێت و قەتەریش هەوڵی دەستخستنی ئەو زامنانە دەدات.
ئەم ڕاپۆرتە هێشتا لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکا، قەتەر، عومان یان ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووت سۆشیاڵ" نووسیبووی کە واشنگتۆن بە ئامادەکاری و هێزێکی سەربازیی بێوێنەوە لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە ئامادەی هێرشی سەربازی بووە لە دژی ئێران.
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە داوای ڕاگرتنی هەر جۆرە هێرشێکیان کردووە، چونکە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بەدی هاتووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە کردنەوەی بەپەلە، تەواو و بێمەرجی گەرووی هۆرمۆز و کۆتاییهێنان بە مەترسییە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی تاران دەگرێتەوە.