هەواڵدەریی "سیئێنئێن" بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی وەزارەتی شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە لە ٩ی ڕەشەمەدا، ۱۸ سەربازی ئەمریکا کوژراون و ۷۵۷ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پێنتاگۆن بە زۆرکردنی زیاتر لە ۵۰ برینداری نوێ ئامارەکەی نوێ کردووەتەوە، بەڵام هێشتا وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە شوێن و ڕووداوە دیاریکراوەکانی ئەو زەرەر و زیانانە ئاشکرا نەکردووە.
ئەم ئامارانە لە بەشی "ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات"ی سیستەمی شیکاریی زەرەر و زیانەکانی بەرگریدا تۆمار کراون، کە دوای ئاگادارکردنەوەی کۆنگرە لەلایەن دەوڵەتی ترامپەوە بڵاو کراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا گەورەترین هەڵمەتی گوشاری ئابووریی دژ بە تاران دەست پێکردووە بۆ توندکردنەوەی گەمارۆکان و بڕینی ڕێڕەوی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەروەها هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵسەنگاندنەکانی پێنتاگۆن و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باسیان لە ئەگەری فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەکانی دیکەش کردووە لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕ و ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز.