کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیک سکات: ڕەنگە ترامپ جەنگی سەرانسەری دژ بە ئێران دەست پێبکاتەوە

12:19 - 29 گەلاوێژ 2726

ڕیک سکات، سێناتۆری کۆماریخواز ڕایگەیاند دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی کاتی و بێ‌ئاکامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ڕەنگە دۆناڵد ترامپ ناچار ببێت شەڕی سەرانسەری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێبکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "هێڵ"، سێناتۆر سکات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "نیوزنەیستن"، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەیی ترامپ بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ژێرخانەکانی نزیک تاران لە ئەگەری هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆککۆماری ئەمریکا نەچار دەبێت کردەوەی سەربازی ئەنجام بدات.

سکات جەختی کردەوە کە ترامپ بەدوای شەڕدا ناڕوات و دەرفەتی داوەتە دیپلۆماسی، بەڵام تاران پاشەکشەی لێ کردووە.

ئەو سێناتۆرە هەروەها وتی کە لە قۆناغێکدا سەرۆککۆماری ئەمریکا هیچ چارەیەکی جگە لە گرتنەبەری ڕێکاری زیاتر بۆ لەنێوبردنی توانای ئەوان لە بەرهەمهێنانی چەکدا نابێت و جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی تا ئەو کاتەی ترامپ لە دەسەڵاتدا بێت، دەستی بە چەکێکی بەکارهاتوو ناگات.

سکات زیادی کرد کە ڕەنگە وەزارەتی شەڕی ئەمریکا لە ماوەی ۳۰ ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوی سەربازی بۆ لەنێوبردنی تواناکانی ئێران بنێت.

ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە کە ترامپ ڕایگەیاندووە کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ تاران بەڕێوە ناچێت و گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران بەهێزییەوە بەردەوامە.