کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی هێزی کڕینی خەڵک و بەتاڵبوونی بازاڕەکانی ئێران

09:47 - 30 گەلاوێژ 2726

گۆڕانی باری ئابووریی ئێران و هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری هەڵاوسان، هێزی کڕینی خەڵکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سی‌ئێن‌ئێن"، بەرزبوونەوەی بێ‌پێوانەی نرخەکان بازاڕەکانی تووشی سستبوونی تەواو کردووە؛ تا ئەو ئاستەی میوە و سەوزە لە مەیدانەکانی میوە و تەڕەباردا بێ‌کڕیار ماونەتەوە.

بۆ نموونە، گەیشتنی نرخی یەک کاڵەک بۆ ٤٠٠ تا ٥٠٠ هەزار تمەن، نیشانەی ئەوەیە کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش لە توانای زۆربەی هاووڵاتییاندا نەماوە.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی و درێژەپێدانی ئاڵۆزییەکان، گوشاری قورسی خستووەتە سەر چینە مامناوەند و کەمداهاتەکان.

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە نرخی خۆراک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو بەرانبەر بووە و کەرەستە بنەڕەتییەکانی وەک گۆشت، برنج، هێلکە و نان بوونەتە کاڵای تایبەت.

ئەوە لەکاتێکدایە کە تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری گەیشتووەتە ٩٠ میلیۆن تمەن و داهاتی زۆربەیان تەنانەت نیوەی ئەم ژمارەیەش نییە.

سەرەڕای ئەوەش، بازاڕەکانی دیکە و بەشەکانی هاوردەکردن بەهۆی کێشەی زنجیرەی دابینکردن و سزاکانەوە پەکیان کەوتووە.

خاڵیبوونی بازاڕەکان و نەبوونی کڕیار، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری داڕمانی ژێرخانی ئابووری و شکستی ڕێژیمی ئێرانە لە بەڕێوەبردنی بژێویی سەرەتایی خەڵکدا.