کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی ۱۰ کەس لە تۆڕی گواستنەوەی دارایی حیزبوڵڵا لەلایەن ئەمریکاوە

09:57 - 30 گەلاوێژ 2726

نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا (OFAC)، سزای خستە سەر ۱۰ کەس کە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی ڕاگواستنی پارەیان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان بەڕێوە دەبرد.

ئەم کەسانە لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانی نێوان لوبنان، تورکیە، ئێمارات و ئێران، سەدان میلیۆن دۆلاریان لە دەرەوەی سیستەمی بانکی گواستووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، واشنگتۆن جەختی کردەوە کە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لەژێر فەرمانی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداراندایە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم تۆڕە لەلایەن بازرگانێکی تورک بەناوی یوونس ئاڵپەر یڵماز بەڕێوە براوە؛ ناوبراو لە ڕێگەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە تورکیە، ڕێگەی بۆ دەربازبوون لە سزاکان خۆش کردووە.

هەروەها ناوی ۹ نامەبەری دارایی تۆمار کراوە کە دوو کەسی سەر بە سپای پاسداران و حەوت ئەندامی دیکەی حیزبوڵڵا لەخۆ دەگرێت.

بەپێی بڕیارەکە، تەواوی سەرمایەی ئەم کەسانە لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێت و مامەڵەی دارایی لەگەڵیان قەدەغەیە.

وەزارەتی خەزێنەداری هۆشداریی داوە کە بانکە بیانییەکان ئەگەر هاوکاریی ئەم تۆڕە بکەن، بەرەوڕووی سزای دووەم و بڕینی پەیوەندییان لەگەڵ سیستەمی بانکیی ئەمریکا دەبنەوە.