سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بەنیازە لە ڕێگەی فراوانترین کارزاری گەمارۆی ئابووری لە جیهاندا و سەپاندنی سەختترین سزاکانی مێژوو، ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە ژێر گوشارێکی قورسەوە بۆ ئەوەی بەستێنی داڕمانی ئەو ڕێژیمە خۆش بکات.
بێسێنت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاناڵی "سیئێنبیسی" ئاماژەی بەوە کرد کە واشنگتۆن هۆشداری دەداتە سەرجەم وڵاتان و شیرکەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی لە نێوان بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا یان بەردەوامبوون لە مامەڵەی ئابووری و کڕینی نەوت لە کۆماری ئیسلامی، یەکێکیان هەڵبژێرن؛ بەپێچەوانەوە بەرەوڕووی سزای زۆر توند دەبنەوە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئامانجی ئەم سیاسەتەی بە "لەنێوبردنی ئابووریی" تاران ناودێر کرد و جەختی کردەوە کە ئەم گوشارانە توانای دارایی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانیکردنی گروپە نیابەتییەکانی و دابینکردنی مووچەی هێزە سەربازییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتێژیی دەوڵەتی ترامپ لەسەر بنەمای "لێدانی دوو قۆڵی" داڕێژراوە؛ گەمارۆی دەریایی لەلایەک و سەپاندنی سزای دارایی بێوێنە لەلایەکی دیکەوە.
بێسێنت بە ئاماژەدان بە ئەزموونی سیاسەتەکانی واشنگتۆن بەرانبەر بە ڤێنێزوئێلا و کووبا، جەختی کردەوە ئەم ڕێکارە بەرانبەر ئێرانیش سەر دەگرێت و وتی: "ئەم سیاسەتە بەرانبەر ئێران سەرکەوتوو دەبێت و ئێمە ئەم ڕێژیمە تووشی داڕمان دەکەین."