کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر پێویست بووایە سەد جارێکی دیکەش هێرشم دەکردە سەر ئێران

11:52 - 30 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی "WABC 77" بەرگری لە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر پێویست بووایە، سەد جاری دیکەش هەمان کارم دەکردەوە. ئەوان ناتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و نابنیش."

ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بەتەواوی لاواز بووە و وتی: "پێنج مانگ پێش ئێستا هێرشی کاریگەریان دەکرد، بەڵام ئێستا توانای دروستکردنی کەرەستەی سەربازییان زۆر دابەزیوە و بۆیان دژوارە نیشانەیەک بپێکن."

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بە داڕمانی ئابووریی ئێران کرد و وتی: "ئەوان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان؛ نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە، بڕی پارەکەیان بێ‌بایەخ بووە و هێزە سەربازییەکانیان مووچە وەرناگرن."

ترامپ ڕێککەوتنامەی بەرجامی بە کارەساتبار ناو برد و وتی ئەگەر هەڵینەواشاندبایەوە، ئێران دەگەیشتە چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیل و ناوچەکەی لەنێو دەبرد.

ناوبراو ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کرد و سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئەمریکاشی بە بێ‌دەسەڵاتی بەرانبەر بڵاوبوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تۆمەتبار کرد کە وایکردبوو ببێتە زۆرداری ناوچەکە.