کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانس: کاریگەرترین ئامراز لەم قۆناغەدا گوشاری ئابوورییە

11:55 - 30 گەلاوێژ 2726

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێی ناوەتە "قۆناغێکی نوێ" لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران و ئەوەی بە ڕاستیی نوێی مەیدانی ناو برد.

ڤانس ڕۆژی پێنجشەممە لە بەرنامەیەکدا وتی: "ئێمە لە قۆناغێکی نوێداین؛ تەواوی سپا و ژێرخانی سەربازیی ئەوانمان تێکشکاندووە و گوشارێکی سەختمان خستووەتە سەر ناوەندە پیشەسازییەکانیان کە بۆ دروستکردنی چەک بەکاریان دەهێنا."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کاریگەرترین ئامراز لەم قۆناغەدا گوشاری ئابوورییە و وتی: "ئەمە یارییەکی ورد و ئاڵۆزە؛ کاتێک ئێمە گوشار دەخەینە سەر ئابووریی ئەوان، ئەوانیش هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئابوورییەوە گوشارمان بۆ بهێنن، بەڵام ئێمە لەم ڕێگەیە بەردەوام دەبین، چونکە بە باشترین ڕێگای دەزانین بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی."

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە ترامپ ڕوونی کردووەتەوە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ناوبراو وتی: "ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئەوان وێران کراون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەوڵی بونیادنانەوەیان دەدەنەوە؟ ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، خوڵقاندنی ڕاستییەکی نوێیە لە مەیداندا؛ کە بە دڵنیاییەوە بڵێین نەک هەر ژێرخانەکانیان لەنێوچوون، بەڵکوو هەرگیز هەوڵی بونیادنانەوەشی نادەن."

ئەم قسانەی ڤانس لە کاتێکدا دەکرێن کە دۆناڵد ترامپ هەڵمەتی ئابووریی لە دژی تاران توندتر کردووەتەوە و هۆشداریی توندی داوەتە تەواوی ئەو وڵاتانەی هاوکاریی ئابووریی ئێران دەکەن یان ڕێڕەوێک بۆ مانەوەی ئەو ڕێژیمە دابین دەکەن.