کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارک سپێر خوازیاری توندترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و سزادانی چینە

11:58 - 30 گەلاوێژ 2726

مارک سپێر، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پێویستە واشنگتۆن و هاوپەیمانەکانی گوشارە ئابوورییەکانیان لەسەر تاران توندتر بکەن و ئەو وڵاتانەش بکەنە ئامانج کە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران دەکەن؛ بەتایبەت چین کە وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران ئەژمار دەکرێت.

سپێر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "ئەمریکا ڕیپۆرتز" ئاماژەی بەوە کرد کە توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان باشترین بژاردەیە لەبەردەم ئەمریکادا.

ناوبراو وتی: "ئەم ستراتێژییە پێویستی بە کات، ئارامگری و دیسپڵین هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت. ئەگەرچی پێویستی بە هەندێک قوربانیدانیش هەیە، بەڵام بژاردەیەکی زۆر باشترە لە ناردنی هێزی پیادە یان پاشەکشەکردن لە گەرووی هۆرمۆز و چۆڵکردنی بۆ ئێران."

وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بە پەیامێکی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ دا کە تێیدا هۆشداریی دابووە جیهان و ڕایگەیاندبوو: "ئەمە شەڕێکی ئابووری و گۆشەگیرییەکی بێوێنە دەبێت؛ هەر وڵاتێک یارمەتیی دارایی یان ئاسانکاری بۆ دامەزراوە و ئابووریی ئێران بڕەخسێنێت، خۆی ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووریی سەخت دەبێتەوە."

سپێر جەختی کردەوە کە چین تەوەرەی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە دەبێت چونکە کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لەوەش، دەبێت سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر وڵاتانی هاوسنووری ئێرانیش تا بەتەواوی ئابووریی تاران پەک بخرێت.