وەزیری کاروباری دەرەوەی لوبنان لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا هاتە دەنگ و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد کە دەست لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە هەڵگرن و هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە هەتا ئەو کارە نەکەن، پێوەندییەکانمان ئاسایی نابێتەوە.
یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: «پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ شاندی دیپلۆماسیی ئێران لە لوبنان تەنها ئەو کاتە دەست پێدەکاتەوە کە تاران بەپێی ڕێکارە دیپلۆماسییە پەسەندکراوەکان، پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی لبنان بێت».
ڕەجی زیادیشی کرد: «بەرپرسانی ئێران دەبێت دەست لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی لوبنان هەڵگرن، کە دوایین نموونەی ئەمە، لێدوانەکانی سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، محەممەد باقر قاڵیباف بوو».
حکوومەتی لوبنان دوای ئەوەی بڕوانامەی دەسبەکاربوونی محەممەدڕەزا ڕەئووف شەیبانی، باڵیۆزی نوێی ڕێژیمی ئێرانی لە لوبنان قەبووڵ کرد، دوای ماوەیەک ڕایگەیاند کە لە قەبووڵکردنی باڵیۆزی ئێران پاشگەز بووەتەوە.
لە بەرانبەردا تاران ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارەی بەیرووت بە فەرمی ناناسێت و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی هەر لە شوێنی ئەرکی خۆیدا لە لوبنان دەمێنێتەوە.
مێژووی دەستێوەردان و نفووزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لوبناندا بۆ پرسێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ و سەردەمی دامەزراندنی حیزبوڵڵا لەلایەن سپای تێرۆیستیی پاسدارانەوە لە کاتی شەڕی نێوخۆیی لوبناندا دەگەڕێتەوە.
سەرەتای دەستێوردانەکانی ڕێژیمی تاران بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم پەیوەندییە پەرەی سەند و بوو بە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ فراوانکردنی هەژموونی ژئۆپۆلتیکیی ڕێژیم لە ناوچەکەدا کە بە میحوەری مقاوەمەت ناسراوە.