بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون، لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران، تەنیا لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز، زیاتر لە ٦۰۰ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٨٥ کەس لە بەندی ٨، ١٢۰ کەس لە بەندی ٥ و زیاتر لە ٣١٠ کەسیش لە دابڕگەی ئەو بەندیخانەیە ڕادەگیرێن. زیادبوونی ژمارەی بەندکراوە سیاسی و عەقیدەتییەکان لەم بەندیخانەدا، نیگەرانیی جیددی لەبارەی دۆخی ڕاگرتن و ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان دروست کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرێک لە دەسبەسەرکراوانی نوێ لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە لە دۆسییەکانیان بێبەشن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوانی نوێ ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێکی بێبنەمای وەک "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و مووساد"، "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "ئەندامبوون یان پەیوەندی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم" بوونەتەوە.
ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی زیاتر لە ١٥٠ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتیی قەرەنتینەکراو دەربڕی.
شایانی باسە کە دەفرایەتیی بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز نزیکەی ٢ هەزار کەسە، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە ٤ هەزار بەندکراوی تێدا دەسبەسەر کراوە.
ئەو ڕێکخراوەیە شەپۆلی بەکۆمەڵی دەسبەسەرکردنەکان، بەتایبەت دەسبەسەرکردنی لاوان لە شارە جیاوازەکانی خووزستان، دادگاییکردنی هەڕەمەکی و بەکۆمەڵ، دەرکردنی سزای قورس و پێشێلکردنی مافی بەندکراوە سیاسی و عەقیدەتییەکان لەو بەندیخانەیەی بە توندی مەحکووم کرد.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون لە کۆتاییدا، داوای لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێپۆرتێرە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە دۆخی بەندکراوە سیاسی و عەقیدەتییەکانی بەندیخانەی شەیبان لە ئەهواز بەشێوەیەکی بەپەلە گرنگییان پێ بدرێت و بۆ ڕوونبوونەوەی دۆخیان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان هەنگاوی کردەیی بنێن.