زیاتر لە ٢٠ کەسایەتیی ئاکادێمی، نووسەر، چالاکوانی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، پشتگیریی خۆیان بۆ بەندکراوانی سیاسی لە ئێران ڕاگەیاند و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی لە ئێران کرد.
ئەم نامەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، لە ڕۆژنامەی "گاردیەن" ڕوو لە چالاکوانان، خوێندکاران، بیرمەندان، کرێکاران، هونەرمەندان و بەندکراوانی عەقیدەتی و سیاسیی سەرانسەری ئێران بڵاو بووەوە، تێیدا داوا کراوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەندکراوانی سیاسی ئازاد بکات و سزای لەسێدارەدانەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
واژۆکەرانی ئەم نامەیە، لەوانە ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆکانی ئەمریکا، بریتانیا، کەسایەتییە چەپەکان، ئاماژەیان بە ئەشکەنجە، بێبەشکردنی بەندکراوانی لە مافەکانیان، سەرکوتکردنی دەنگی جیابیران، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدانی بەندکراوان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کرد و ڕایانگەیاند کە سەرەڕای سانسۆر و سنووردارکردنی ئێنتێرنێت، لە دۆخی بەندکراوانی ئێران ئاگادارن.
نووسەرانی ئەو نامەیە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە دەسەڵاتێک وەسف کرد کە لە کاتی دامەزراندنییەوە کۆنتڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئیدۆلۆژی پەیڕەو کردووە و لە بەندکران، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردنی نەیاران کەڵکی وەرگرتووە.
هەروەها لەو نامەدا باس لە چوونەسەرەوەی ڕێژەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و لەسێدارەدانەکان لە ئێران و گوشار لەسەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان کراوە.
واژۆکەرانی ئەو نامەیە، داوایان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان لە سەرانسەری جیهان کردووە کە بەبێ مەرج پشتگیری لە بەندکراوانی سیاسیی ئێران بکەن، ستەمەکانی ڕێژیم لەقاو بدەن و بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی تاران.
ڕێژیمی تاران لە دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ڕەوتی دەسبەسەرکردن، سەپاندنی سزای قورس و سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی پەرە پێداوە و ئەوەش نیگەرانیی جیهانیی بەدواوە بووە.