ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە یەکێک لە فەرماندەکانی حەماسی کردووەتە ئامانج کە لە سەردەمی شەڕدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە غەززە بەدیل گرتبوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ورددا، «سوبحی سامی مەحموود شەحتووت» یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی حەماسی کردە ئامانج و لەنێوی برد.
مەحموود شەحتووت، کە وەک فەرماندەی یەکەیەک لە باڵی سەربازیی حەماس ناسێنراوە لە کاتی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبردا چووەتە ناو ئیسرائیل و بەشداریی لە پاراستنی ژمارەیەک لە بەدیلگیراواندا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو تێرۆریستە لە ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنەوەی بەدیلگیراوان لەلایەن حەماسەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بینرابوو.
گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ترەوە، خراوەتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.