هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەهۆی وەستانی ترانزیتی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ئاستی ڕەوانەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ کڕیارە چینییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی "کێپلێر" کە لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتێرزدا هاتووە، خستنەڕووی نەوتی ئێران بۆ پاڵاوگە چینییەکان بۆ مانگەکانی سێپتامبر و ئۆکتۆبر زیاتر ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
چین لە مانگەکانی ژوئەن و ژووئیە ڕۆژانە بە تێکڕا نزیکەی ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، بەڵام ئەم ئامارە لە مانگی ئێستادا بۆ ٥٣٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێران نزیکەی ٨٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی سەرئاوکەوتووی لە دەرەوەی هێڵی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکادا هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو بڕە پێشتر فرۆشراوە؛ بۆیە ئەو نەوتەی کە دەکرێت پێشکەشی پاڵاوگە چینییەکان بکرێت زۆر سنووردارە.
ڕۆیتێرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە تاران بۆ ڕاکێشانی کڕیارە چینییەکان، نەوتەکەی دوو دۆلار لە خوار نرخی نەوتی خاوی برێنتەوە پێشنیار دەکات.