ڕۆژنامەی "جێروزاڵم پۆست" ڕۆزی هەینی ٣٠ی گەلاوێژ، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە کە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و ڕاوێژکاریی ئاستبەرز لە نێوان بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکاییدا، ئەگەری فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە کورتخایەندا کەم بووەتەوە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ سەپاندنی گوشاری ئابووریی کەمەرشکێن بەسەر تاراندا، بە ئامانجی "کڕینی کات" تا دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤامبری ئەمریکا بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەرتەشی ئیسرائیل لەم ماوەیەدا ئاستی ئامادەییەکانی لە بوارەکانی هەواڵگری، دابینکردنی چەک، بەرهەمهێنانی مووشەکی دژەبەرگری و دیاریکردنی ئامانجەکان بەرز دەکاتەوە.
جێروزاڵم پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا ڕوون نییە ئەمریکا لە گوشارخستنە سەر هاوپەیمانەکانی ئێران سەرکەوتوو دەبێت یان نا. بەرپرسانی ئەمنییەتی پێیان وایە بێ بڕیاری سەخت، واشنگتۆن بە ئامانجەکانی ناگات.
لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی بەبێ پەسەندکردنی بەپەلەی یاسای ڕێگەدان بە زیاترکردنی کورتهێنانی بودجە، توانای کڕینی دەستبەجێی تەقەمەنییان نابێت؛ بۆیە بڕیاری کۆتایی دەبێت لەلایەن بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە سەرپەرستی بکرێت.