کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک جانسۆن: قۆناغی داهاتوو توندکردنی سزای ئابووریی ئێران دەبێت

09:06 - 31 گەلاوێژ 2726

مایک جانسۆن، بەرپرسی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هاوكات لەگەڵ هەوڵەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ چارەسەرکردنی بابەتی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەمریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە سەپاندنی گوشاری ئابووری بەسەر تاراندا.

جانسۆن لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بەردەوام لە هەوڵدایە، بە جۆرێک کە گەرەنتی بکات کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتی هەرگیز نەگاتە چەکی ئەتۆمی؛ چونکە ئەگەر دەستیان پێی بگەیشتایە، لە دژی ئەمریکا بەکاریان دەهێنا.

بەرپرسی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمیی بە ئامانجێکی مێژوویی و نەگۆڕی واشنگتۆن وەسف کرد و وتی: "پێم وایە قۆناغی داهاتوو بریتی دەبێت لە سەپاندنی سزای ئابووری و ئەو گوشارانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پەیڕەو دەکرێن."

جانسۆن لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەتوانن لە پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز هاوکار بن و ڕێڕەوە دەریاییەکانی دیکە بۆ بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تێکچوونی ئەمنییەتی ناوچەکەشی بە بەرزیی نرخی بەنزینەوە بەستەوە.