هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەهۆی سیاستە شەڕخوازانەکانی کۆماری ئیسلامی، سزاکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی توندتر بوونەتەوە کە بەو هۆیەوە ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بووە و بنەماڵە ئێرانییەکان دوای شەش مانگ لە هەڵگیرسانی شەڕ، بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان ڕووبەڕووی قەیرانی دژوار بوونەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نرخەکان بەشێوەیەکی بێوێنە بەرز بوونەتەوە؛ بەجۆرێک نرخی برنج ٦٠ لەسەد و نرخی گۆشتی مانگا ۱۵۰ لەسەد زیادی کردووە، لە کاتێکدا بەهای پارەی ئێران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ نیوە دابەزیوە.
هەروەها ئامارەکانی وەزارەتی کار نیشانی دەدەن کە تا مانگی جۆزەردان زیاتر لە یەک میلیۆن دەرفەتی کار لەنێو چووە.
لەلایەکی دیکەوە، سندووقی نێودەوڵەتیی پارە پێشبینی دەکات ڕێژەی هەڵاوسان تا کۆتایی ساڵ بگاتە نزیکەی ۷۰ لەسەد و ئابووریی ئێرانیش زیاتر لە ٥ لەسەد بچووک ببێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشەیتێدپرێس، بەهۆی گوشاری گرانییەوە زۆربەی بنەماڵەکان ناچار بوون دەست لە میوە، پرۆتێئین و گۆشت هەڵبگرن و تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا کار بکەن تا بتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.