کۆماری ئیسلامیی ئێران کەشێکی توندی ئەمنییەتیی لە شارەکان و ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا سەپاندووە و هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
بەپێی زانیارییەکان هێزێکی بەرچاوی سەربازی لە شاری سەقزەوە ڕەوانەی شاری بانە و دەوروبەری ناوچەی "سلێمانبەگ" کراوە و لەوێ جێگیر کراون.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کاروانە سەربازییە لانیکەم ۲۰ ئۆتۆمبێلی جۆری مەرزییە و چەندین ماشینی لەندکرۆزەر (جۆرەکانی 3F و چوار و نیو)ی تێدا بووە کە چەکی قورسی وەک دۆشکایان لەسەر بەستراوە.
هەروەها لەگەڵ ئەو هێزانە دەورووبەری ١٠ جاش و بەکرێگیراوی ڕێژیمیان لەگەڵ بووە و لەنێو هەر ماشینێک ٤ بۆ ٦ کەس بینراون.
لە هەمان کاتدا، زانیارییە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مانۆڕە سەربازییەی ڕێژیم بۆ ماوەی دوو ڕۆژە لە ناو شاردا بەردەوامە و ڕێژیم سەڕەرای دروستکردنی کەشێکی ئەمنییەتی، بەنیازی چاوترسێنکردنی خەڵکە.
هەروەها لە ناو کاروانەکەدا ماشینی جۆری "وەن" بینراون کە پێدەچێت وەک ژووری کۆنتڕۆڵی هەواڵگری کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
شایانی باسە کە ڕێژیمی دژەکوردی ئێران لەو ماوەیە و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە، لە ترسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی شارەکان و سنوورەکانی کوردستان کردووە و زۆر جار بە دانانی بازگە لەنێو شار و ڕێگای گوندەکان، ماشین و کەلوپەلی تاکەکەسی هاووڵاتییان دەپشکنن.