لە دوو ڕاپۆرتی جیاوازی ناوەندی هەواڵدەریی «حاڵ وەش»دا باس لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی چابەهار و کارمەندانی شارەوانیی زاهێدان کراوە، کە کرێکاران لەمەڕ پێشێلکردنی مافە پیشەییەکان و هەڵاواردن ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش، ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی فەننی و ئەندازیاریی «ئەرگ و پەی چابەهار» کە لە ناوچەی سنووریی ڕێمدان کار دەکەن، ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ، هێشتا حەقدەست و مافی بیمەی کۆمەڵایەتییان پێ نەدراوە.
ئەم شیرکەتە کە لەژێر چاودێریی ناوچەی ئازادی چابەهاردا چالاکی دەکات، سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری ئەو کرێکارە ناڕازییانە، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکیان بۆ پێدانی مافە ڕەواکانیان هەڵنەگرتووە.
لەلایەکی ترەوە، لە شارەوانیی زاهێدان، کۆمەڵێک لە کارمەندان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە شێوازی هەژمارکردنی حەقدەست و چۆنیەتیی دابەشکردنی پارەی زێدەکاری دەربڕیوە.
کاتژمێرەکانی زیادکاریی کەسێکی نزیک لە شوێنی نیشتەجێبوونی گەیشتووەتە نزیکەی ١٤٠ کاتژمێر لە مانگێکدا. کارمەندان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا داوای ڕوونکاری، یەکسانی و لێپێچینەوە لەم جیاکارییانە دەکەن، تاکوو یاسا بۆ هەمووان بە یەک شێوە جێبەجێ بکرێت.
ئەم دواکەوتنەی حەقدەستی کرێکاران، هەڵاواردن، پێدانی حەقی زێدەکاری، پێشێلکرانی مافەکانیان و کەمتەرخەمیی ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەمەڕ کرێکاران لەکاتێکدایە کە قەیرانی ئابووری و گرانی گوشارێکی زۆر قورسیان بۆ سەر بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دروست کردووە.