کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی ناتۆ بژاردەکانی گەرووی هۆرمۆز تاوتوێ دەکەن

09:38 - 31 گەلاوێژ 2726

وتەبێژی سەرکردایەتیی هێزەکانی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) ڕایگەیاند کە ژێنڕاڵ ئالێکسۆس گرینکەویچ، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام ئەنجام داوە.

ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەگەری هاوکارییەکان بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی لە گەرووی هۆرمۆز بووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە ئەرکێکی فەرمیی ڕێکخراوی ناتۆ نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەوڵ دەدەن خۆیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە ئاڵۆزییەکانی سەر ئێران بەدوور بگرن و لەجیاتی ئەوە، لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوپەیمانەتییەکە تەرکیز بکەنە سەر پلانی ڕێگەخۆشکردن بۆ کردنەوەی ئەم گەرووە؛ ڕێڕەوێک کە پێش مانگی ڕەشەمە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرڕانسە و بریتانیا هاوپەیمانییەتییەکیان لەگەڵ نزیکەی ١٢ وڵات پێکهێناوە تا دوای هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان یان چاره‌سه‌ربوونی کێشەکان، لە گەرەنتیکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا هاوکار بن.