محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم دانی بە ئەوپەڕی نالەباریی دۆخی ژیانی خەڵکدا نا و ڕایگەیاند کە هێزی سەربازیی وڵاتێک لەو کاتەدا کە خەڵک برسی بن و گەشەی ئابوورییەک لەئارادا نەبێت، ناتوانێت بەردەوام بێت.
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی پێنجشەممە، ۳۰ی گەلاوێژ، لە وتارێکدا لە بەغدا لە کۆڕی بازرگانانی ئێران و عێراقدا وتی: "ئێمە هەرچەندە هێزی سەربازیمان هەبێت، بەڵام ئەگەر خەڵک برسی بن و سووڕی دارایی، گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی نیشتمانیمان نەبێت، توانای خۆڕاگریمان نامێنێت".
وتەکانی قاڵیباف لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بە ڕاگرتنی بژاردەی سەربازیی بەربڵاو دژی ڕێژیمی تاران، پلانی جێبەجێکردنی "قورسترین سزاکانی جیهان" دژی ئێرانی گرتووەتە بەر.
دۆناڵد ترامپ وڵاتانی جیهانی لە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و دارایی لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە و هەڕەشەی سزادانی لێکردوون.
شایانی باسە پێشتریش مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، دانی بە هەژاریی خەڵکی ئێراندا نا و باسی لە ڕاپەڕینی خەڵکی برسی و هەژار کردبوو و لەوبارەوە نیگەرانیی خۆی دەبڕیبوو.
شەڕەنگێزی، هەوڵی تێرۆریستی، هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغەکراو، دەستێوردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و جیهان، پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، زاڵبوونی دەسەڵاتی سپای تێرۆریستی پاسداران و پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکان هۆکاری سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی جیهانییە لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا خەڵکی ئێران باجی ئەو کردەوانەی دەسەڵاتی تاران دەدەن.