لە درێژەی بەردەوامیی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە دەرکردنی سزای مەرگ و سەندنی مافی ژیان لە دژبەران و ناڕازییان، "ڕەزا ئومێدواری"، کە لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ساڵی ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو و لە بەندیخانەی یەزد بەند کراوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
هاوکات سزای سێدارەی ئەرغەوان فەلاحی، بەندکراوی سیاسیی ۲۴ ساڵان لە بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.
کانوونی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی هەینی ۳۰ی گەلاوێژ ڕایگەیاند دۆسییەی ڕەزا ئومێدواری تەواو ناڕوونە و دەزگا ئەمنییەتییەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی تا زانیاری بڵاو نەکەنەوە؛ ڕێکارێک کە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەنگاوە یاساییەکانی لەو بەندکراوە سیاسییە زەوت کردووە.
هاوکات هەواڵدەریی "هێرانا" بڵاوی کردەوە کە سزای سێدارەی ئەرغەوان فەلاحی، کە پێشتر لەسەر تۆمەتی "بەغی" دەرچووبوو، لە دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کراوەتەوە.
ناوبراو پێشتر لەژێر ئەشکەنجەی دەروونیی سەخت بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە پەیوەندی بە تێرۆری دوو دادوەر، محەممەد موقیسە و عەلی ڕازینی بووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان لەسەر بەردەوامیی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێراندا داوە.
لەم پەیوەندییەشدا بەرپرسانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەکارهێنانی سزای سێدارەیان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکاریی سیاسی بەتوندی مەحکووم و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی تەواوی بەندکراوانی سیاسییان کردووە.