بەرپرسی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پەردەی لەسەر کارەساتێکی دیکەی گەندەڵیی بەرپرسانی ئێران لادا و ئاشکرای کرد کە کاربەدەستانی ڕیژیم هەوڵیان داوە زیاتر لە ۲۰ هەزار تۆن مریشکی ژەهراوی و ماوە بەسەرچوو بخەنە سەر سفرەی هاووڵاتییان؛ هەوڵێکی قیزەون کە تەنانەت بەهۆی ڕێگریکردن لێی، جێگری ئیدارەی ئاژەڵدارییان لەسەر کارەکەی لا داوە.
محەممەدجەواد عەسگەری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبەرییەوە نزیکەی ۲۰ هەزار و ۵۰۰ تۆن مریشکی بەستوو لە ساردکەرەوەکاندا ماونەتەوە و بەسەرچوون.
بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی ڕێژیم گوشاریان خستووەتە سەر مەسعوود محەممەدیان، جێگری ئیدارەی ئاژەڵداری، تا بە دەستکاریکردنی بەرواری بەسەرچوونی مریشکەکان مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان لە بازاڕدا بباتە پێشەوە؛ بەڵام دوای ئەوەی ناوبراو ئامادە نەبووە و ببێتە هاوبەشی ئەم تاوانە، دەستبەجێ لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە.
ئەم تاوانکارییە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتی بڵاوبوونەوەی بەشێک لەم مریشکە گەنیوانە لە بازاڕدا پشتڕاست کراوەتەوە؛ ڕەفتارێک کە جارێکی دیکە سەلماندی بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەندروستی و ژیانی خەڵک هیچ بەهایەکی نییە و تەنیا بەرژەوەندیی ماددی و داپۆشینی گەندەڵییەکانیان لە پێشینەی کارەکاندایە.