کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: دوو فەرماندەی حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر غەززە کوژراون

16:22 - 11 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بکەران و فەرماندەکانی گرووپی تێرۆریستیی حەماس کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا بەشدارییان کردووە، دوو فەرماندەی باڵای باڵی سەربازیی ئەو گرووپە لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا لە غەززە کوژراون.

بەپێی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، سالم جەماڵ عەبدولڕەحمان ئەبولوبدە، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکەی تایبەتی «نوخبە»ی حەماس، لەو هێرشەدا بۆ سەر باشووری غەززە کوژراوە.

بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە، ناوبراو لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا ڕۆڵی چالاکانەی هەبووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە محەممەد عەبدولناسر محەممەدخەتیب، کە یەکێکە لە فەرماندەکانی حەماس، لە هێرشێکی تردا لە ناوەندی غەززە کوژراوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەم تێرۆریستانە لە باڵی سەربازیی ئەم ڕێکخراوەدا چالاک بوون و هەوڵیان دەدا پلانی تێرۆریستی دژی هێزەکانمان بەڕێوە ببەن".

هێزەکانی ئیسرائیل لەژێر فەرماندەیی باشووردا، بەپێی ڕێککەوتننامە لە ناوچەکەدا جێگیر بوون و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.