ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردەوە شەوی هەینی، ۳۰ی گەلاوێژ، ٤٠ کەشتیی نەوتهەڵگر و نزیکەی ۱۶ میلیۆن بەرمیل نەوت بە سەلامەتی لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕیون.
باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە زانیاریی سێ بەرپرسی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە کەشتییەکان لە کەناڵی قووڵی باشوورەوە هاتوچۆیان کردووە.
ئەم بڕە، بە لەبەرچاوگرتنی هەناردەی عەرەبستان و ئێمارات لە ڕێگەی لوولە جێگرەوەکانەوە، یەکسانە بە ئاستی هەناردەی ناوچەکە پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "سیئێنئێن"، هۆکاری ئەم سەرکەوتنە تاکتیکی نوێی ئەمریکا بە هاوکاریی عەرەبستان، قەتەر، کوەیت و ئێمارات بووە.
لەم ڕێگەیەدا، بە کوژاندنەوەی ڕادارەکان و بە هاوڕکاریی هێزی دەریایی ئەمریکا، نەوتهەڵگرەکان بە نهێنی بە گەرووی هۆرمۆزدا دەپەڕنەوە و لە دەریای عومان نەوتەکە دەگوازنەوە بۆ کەشتیی کڕیاران.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، ئەم پلانە هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی گەیاندووەتە ۸ تا ۹ میلیۆن بەرمیل، کە دوو هێندەی خەمڵاندنی شرۆڤەکارانی نەوتی واڵستریت و شیرکەتی کێپلێرە.
ئەم هەنگاوە تێچووی بیمەی لەسەر شیرکەتەکان لا بردووە و هاوکێشەکەی بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە "ترووس سۆشیاڵ" جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "کۆنتڕۆڵی تەواوی" گەرووی هۆرمۆزی لەدەستدایە.