دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانان ڕایگەیاند کە مەجید ئادینە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی لە کەرەج، لە سێدارە داوە.
دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیم بەبێ بلاوکردنەوەی وێنەی ئەو کەسە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مەجید ئادینە کە لە ١٩ی بەفرانبار لە محەممەدشەهری کەرەج دەسبەسەر کرابوو، لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا «دەمانچەیەک، سێ خەشابی فیشەک، ٣٠ فیشەک، دوو شۆکهێنەری کارەبایی، دوو قوتوی سپرەی گازی فرمێسکڕێژ، مشارێکی کارەبایی و یەک شووشە بەنزین»ی پێ بووە.
دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری بە «کوودەتا» ناو بردووە و مەجید ئادینەی بە هاوکاری لەگەڵ «گرووپە دوژمنکارەکان»، ئەمریکا و ئیسرائیل و «موحاربە لە ڕێگەی ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست» تۆمەتبار کردووە. ئەم بانگەشانە لەلایەن ئەو بەندکراوە و چەندین بەڵگە و سەرچاوەوە ڕەت کرابووەوە.
دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کەرەج بەپێی یاسای «توندترکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمنکار» سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەسەر ناوبراودا سەپاندبوو.
لەو پێوەندییەدا، ڤۆلکێر تۆرک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ئەو کاتە، لانیکەم ٥٦ بەندکراوی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون کە دۆسییەی ٢٧ کەسیان پەیوەندیی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبارەوە هەبووە.
بە وتەی ناوبراو، پتر لە ١٠٠ بەندکراوی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
تۆرک نەبوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی بە «زۆر جێگای نیگەرانی» وەسف کردبوو.
هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕێژیمی تاران ئەمساڵ ۲۸ بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە داوە کە ٢٦ کەسیان لە خۆپیشاندەران بوون.
بە پشتبەستن بە هەمان ئامار، ۷۰ خۆپیشاندەری تر تەنها لە بەندیخانەی سەرەکیی ئێسفەهاندا چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکەن.