کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژی و سێدارەی نمایشی لە گرتووخانەکانی تاران و سنە؛ قەیران لە فەشافوویە

09:37 - 1 خەرمانان 2726

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای ئاگادارکردنەوە لە "قەیرانی مرۆیی" لە زیندانی فەشافوویە (تاران بزرگ)، پەردەی لەسەر ئەشکەنجە، دەستدرێژیی سێکسی و جێبەجێکردنی سێدارەی نمایشی لە گرتووخانەکانی تاران و سنە لاداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کاتێکدا توانای ڕاگرتنی زیندانی فەشافوویە کەمتر لە ۱۸ هەزار کەسە، ئێستا زیاتر لە ۲۲ هەزار بەندکراوی تێدا ڕاگیراوە.

ئەم ئاخنراوییە لەگەڵ گەرمای تاقەتپڕوکێن، نەبوونی ئاوی خاوێن، بێبەشبوون لە چارەسەری پزیشکی و خراپیی خۆراک، ژیانی هەزاران بەندکراوی خستووەتە مەترسییەوە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بە پشتبەستن بە "گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی زیندانییەک"، ئاماژە بە ئەشکەنجەی جەستەیی، سێ ڕووداوی دەستدرێژیی سێکسی، دەرخوارددانی دەرمانی نەناسراو و سێدارەی نمایشی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتووخانەکانی تاران و سنە کراوە.

سەرچاوە مافی مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە حاڵەتەکانی ئازار و دەستدرێژیی سێکسی، بەتایبەت دژ بە ژنانی لاو، لە ٨ مانگی ڕابردوودا دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.