ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکە کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا لەدەست دەدات.
بەپێی ئامارەکان، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا هاتوچۆی کەشتییەکان لەم گەرووەدا نزیکەی ٤٠٠٪ زیادی کردووە و کەشتییەکان زیاتر لە ڕێڕەوێکی جێگرەوە بە پشتیوانیی ئەمریکا سوود وەردەگرن.
ناوەندی ئۆپراسیۆنە دەریاییەکانی بریتانیا ڕایگەیاند لە حەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ۲۰۰ کەشتی لە گەرووی هۆرمۆز پەڕیونەتەوە، لە کاتێکدا حەفتەی پێشتر ۱۵۰ کەشتی و دوو حەفتە پێشتریش تەنیا ٤٠ کەشتی بوون. بەمەش ئاستی هاتوچۆ گەیشتووەتە ٢٠٪ی قۆناغی پێش دەستپێکردنی شەڕ.
بەپێی زانیارییەکانی شیرکەتی زانیاریی دەریایی "کێپلێر"، زیاتر لە ٨٠٪ی بارە نەوتییەکان لە ڕێگەی ئاوی عومانەوە گوازراونەتەوە کە ڕێڕەوێکی پشتیوانیکراوە لەلایەن ئەمریکا و پەسندکراوی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتییە، یان لە ڕێگەی کوژاندنەوەی ڕادارەکانیانەوە تێپەڕیون.
نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کردووە لە حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ۱۰۳ کەشتی چوونهتە ناو گەرووی هۆرمۆز و ۸۹ کەشتیش لێی دەرچوون، کە ئەمەش بە بەراورد بە حەفتەی پێشتر (۷۶ چوون و ۷۵ دەرچوون) زیادبوونی ٢٧٪ی نیشان دەدات.
شارەزایانی بواری وزە جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی ڕێڕەوی عومان کێشەی باجی زۆرەملێ و مەترسیی هێرشەکانی ئێرانی لەسەر شیرکەتە دەریاییەکان لا داوە.
ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند گەرووی هۆرمۆز بەتەواوی لە مین پاککراوەتەوە و وڵاتەکەی سزای زۆر قورس بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.