بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وڵامی مەنسوور عەباس، ڕێبەری حیزبی عەرەبیی "ڕەعەم" جەختی کردەوە تا ئەو لە دەسەڵات بێت، ڕێگە نادات دەوڵەتێکی فەلەستینیی ژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە غەززە یان کەرتی ڕۆژاوا دابمەزرێت.
نێتانیاهوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "تا من سەرۆکوەزیران بم، هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا پێک نایەت؛ نه لە غەززە و نە لە یەهوودا و سامەرە."
مەنسوور عەباس لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا داوای بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستینی کردبوو، بەڵام قسەکانی ناڕەزایەتیی توندی حیزبە ئیسرائیلییەکانی لێکەوتەوە.
هەڵوێستی نێتانیاهوو لەکاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشتیی غەززە بەردەوامن و جێرد کۆشنێر، ڕاوێژکاری ترامپ، لەگەڵ تونی بلێر و نوێنەرانی دەستەی ئاشتی، لەگەڵ نێتانیاهوو گفتوگۆیان کرد.
تەوەرەی سەرەکیی ناکۆکییەکان، نەخشەڕێگایەکی ۱۵ خاڵیی ئەمریکایە بۆ داماڵینی چەکی حەماس و پاشەکشەی پلەبەپلەی ئیسرائیل.
ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە دەبێت پێشتر حەماس بەتەواوی چەک بکرێت. لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن دوو لێژنەی کاری بۆ داهاتووی غەززە پێک بهێنن.