کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕخوازیی ڕێژیمی ئێران؛ هەڕەشەی ڕەزایی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە

12:11 - 1 خەرمانان 2726

موحسێن ڕەزایی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی هەڕەشە و بەڵێندانی بەردەوامی تاران بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە، هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێ کە ئەگەر لە شەڕی ئابووریی ئەمریکادا هاوکاریی واشنگتۆن بکەن، وەک "دوژمن" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەرژەوەندییەکانیان دەکرێنە ئامانج.

ڕەزایی لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا بە ئاشکرا هەڕەشەی ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشەکەی کرد و ڕایگەیاند کە لە ئەگەرێکی وەهادا یەک دڵۆپ نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕ نابێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئەمریکا، ڕێڕەوەکانی دیکەی هەناردەی نەوتیش لە کەنداو دەکرێنە ئامانج.

ڕەزایی وتی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا گەرووی هۆرمۆزی داخستووە، بەڵام تا ئێستا کاری بە نەوتی کەنداوەوە نەبووە.

ناوبراو لە هەمان کاتدا ئیدیعای کرد کە ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا ۷۰ میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

ئەو ئیدیعایەی ڕەزایی لەکاتێکدایە کە عەبدولناسر هێمەتی، بەرپرسی بانکی ناوەندی ڕێژیم چەند ڕۆژ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕاوەستاوە.